“هەسەدە” تورکیا بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات

رەقە – نۆرس پرێس

هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”، تورکیای بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست بە سەرپەرشتی ئەمریكا، بەڵام تورکیا و میلیشیا چەكدارەكانی، ئەمڕۆ و دوێنێ، هێرشیان كردۆتە سەر چەندین ناوچەی نزیك كۆبانێ و بەنداوی تیشرین و عێن عیسا.

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، رۆژی سێشەممە، ئامادەیی خۆیانی بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراوی لە کۆبانێ دەربڕی.

لە بەیاننامەیەکدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات، رایگەیاند، میلیشیاكانی سەر بە تورکیا، بە پشتیوانی هێزە ئاسمانییەكان و هێزی زەمینی تورکیا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە “هێرشێکی چڕیان لە چەند میحوەرێكەوە كردۆتە سەر ناوچەی بەنداوی تیشرین، کە تێیدا پێکدادانی توند لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموكرات و هێرشبەران دروست بووە، لەكاتێكدا فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیاش بەردەوام لە ئاسمانی ناوچەكە دەگەڕێن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، میلیشیاكانی سەر بە توركیا، شەوی ڕابردوو، لە سێ میحوەرەوە، هێرشیان كردە سەر ناوچەی بەنداوی تیشرین، ئەویش بە پشتیوانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی، هێزەکانی سوریای دیموكرات، لە کاتی هێرشکردنیان بۆ سەر بەنداوی تشرین، 37 چەکداری میلیشیاكان کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوون.

 هێزەکانی سوریای دیموکرات راشیانگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی توركیایان لە جۆری “بیریقدارTB2″یان لە دەوروبەری پردی قەرقۆزاق خستووەتە خوارەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی “هەسەدە”دا ئاماژە بەوەش کراوە کە شەوی چوارشەممەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، بە سێ هێرشی ئاسمانی ناوچەی پردی قەرەقۆزاق و گوندی پیر حەسۆیان لە باشووری کۆبانیێ بۆردومان کردووە، ئەمە جگە لە دەیان هێرشی مووشەکی و تۆپخانەكان.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئێوارەی دوێنێ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکیان لە گوندی هۆشانی عێن عیسا بۆردومان کرد، هەروەها گوندەكانی ڕۆژهەڵاتی عێن عیسا و ڕۆژئاوای گرێ سپییان، بە موشەك و توبخانەكان بۆردومان کردووە.

“هەسەدە” ڕایگەیاند کە تورکیا و میلیشیا چەكدارەكانی “هەوڵ دەدەن ئاگربەستەکە بقۆزنەوە بۆ درێژەدان بە هێرش و پلانە کۆلۆنیالیزمەکانیان و فریودانی بیروڕای گشتی”.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە