دیمشق – نۆرس پرێس
دادگای سویسرا پێشنیاری كرد دادگاییکردنی مامی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا دوابخرێت، ئەمەش بەهۆی خراپی بارودۆخی تەندروستی و نەخۆشیەکەیەوە.
بڕیاربوو رەفعەت ئەسەدی تەمەن(87 ساڵ)، برای حافز ئەسەدی سەرۆکی پێشوو و مامی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی رووخاوی سوریایە ، لە سویسرا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی فەرماندەی سوپای سوریا بوو لە ساڵی ١٩٨٢ دادگەیی بکرێت
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی سویسرا بۆ رویتەرز رایگەیاند، بەهۆی نەخۆشییەوە پێشنیاركرا دادگەییکردنی رەفعەت ئەسەد دوابخرێت، و داوایان لە لایەنەکانی کەیسەکە کردووە بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو.
بەرپرسێكی دادگا رایگەیاند، “دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە بەهۆی باری تەندروستیی تۆمەتبارەوە، کە لە رووی جەستەییەوە ناتوانێت گەشت بۆ سویسرا بکات و لە رووی دەروونیش ناتوانێت بەشداری گفتوگۆکان بکات، بەرپرسانی دادگە داوایان لە لایەنەکان کردووە بڕیار لەسەر داخستنی دۆسییەکە بدەن”.
راشیگەیاند، دادگە کە باڵاترین دەسەڵاتی تاوانە لە سویسرا، هێشتا بڕیاری لەسەر داخستنی دۆسیەکە نەداوە و چاوەڕێ دەکرێت بۆچوونی هەموو لایەنەکان وەربگیرێت.
هاوكات نووسینگەی داواکاری گشتی گوتی، رەفعەت ئەسەد تۆمەتبارە بە دەرکردنی فەرمانی ئەنجامدانی تاوانی کوشتن و ئەشکەنجەدان و مامەڵەی دڕندانە و دەستگیرکردنی نایاسایی لە شوباتی 1982 کاتێک فەرماندەی هێزەکانی کردووە لە شاری حەمای رۆژئاوای سووریا.
ئێستا شوێنی رەفعەت ئەسەد نەزانراوە، لە دەرەوەی سووریا ژیاوە و لە نێوەڕاستی هەشتاکانەوە زۆربەی کات لە فەڕەنسا بووە، ئەمە دوای ئەوە هات کە تۆمەتبارکرا بە هەوڵدان بۆ رووخاندنی براکەی سەرۆکی پێشوو حافز ئەسەد.