وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: گفتوگۆکانمان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و تورکیا بەردەوامە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، ڕایگەیاند، کە بەردەوامن لە دانوستانەکان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و تورکیا سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای كوردستان.

ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ” لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانەکانمان لە تورکیا لە گفتوگۆداین هەوڵدەدەین چارەسەرێک بدۆزینەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان “.

میلەر درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و تورکیا تا کۆتایی هەفتەی ڕاگەیاند.

سەبارەت بەوەی كە توركیا هێرش بكاتە سەر ناوچە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان، میلەر رایگەیاند: “پێمان وایە كە دەستپێكردنەوەی گرژییەكان لە سوریا لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێك نییە”.

ئاماژەی بەوەشکرد: نامانەوێت هیچ لایەنێک دۆخی ناسەقامگیری ئێستای سوریا بقۆزێتەوە بۆ بەرژەوەندییە تەسکەکانی لەسەر حیسابی بەرژەوەندی هەموو گەلی سوریا، و ئەمانە ئەو گفتوگۆیانەن کە بەبەردەوامی لەگەڵ هاوپەیمانە تورکەکانمان باسیان دەكەین.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، دانوستانانە “پرسێکی زۆر قورسە، بەو پێیەی ماوەیەكی زۆرە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا هەیە، بۆیە ڕێگاكە ئاسان نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەوڵدەدەین چارەسەری بكەین.”

ئەو بەرپرسە ئەمریكییە ئاماژەی بەوەشکرد، كە بەردەوامن لە هەڵسەنگاندنی دۆخی سوریا و چاوەڕێی كاتی گونجاو دەكەن بۆ ناردنی تاکەکان بۆ بەشداریکردن لە کۆمەڵێک چالاکی لەو وڵاتە، لەوانە بەهێزکردنی ئەو بنەمایانەی کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتگیریان دەکات سەبارەت بە شێوەی داهاتووی وڵاتەکە.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد