ئەمریکا هەوڵدەدات خۆی لە هەر شتێک بەدوور بگرێت کە “هەسەدە” سەرقاڵ بکات لە شەڕە گرنگەکەی دژی داعش
قامشلۆ – نۆرس پرێس
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کارێکی ئەوپەڕی گرنگ ئەنجام دەدەن، و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش هەوڵدەدات هەركارێك وەلانێت كە “هەسەدە” سەرقاڵ بكات، لە شەڕە گرنگەکەی دژی داعش.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماسیو میلەر رایگەیاند، “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هاوپەیمانییەکە کە تورکیا بەشێکە لەو هاوپەیمانییە، لە بەرژەوەندی ئەمریکا و توركیا و گەلی سوریا و هەموو وڵاتانی ناوچەكەدایە، کە داعش دووبارە دەرناکەوێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت ئەو ئەندامانەی داعش ئازادبکرێن کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکراون.
دوێنێ دووشەممە، لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا ڕایگەیاند، دەیان دەستگیرکراوی داعش دەتوانن لە زیندانەکانی رۆژئاوای كوردستان هەڵبێن، ئەگەر ئەنقەرە هێرش بكاتە سەر کورد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵ دەدەن خۆیان لە هەر کارێک بەدوور بگرن کە هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرقاڵ بکات لە شەڕی گرنگیان دژی داعش.
میلەر ڕوونیشیکردەوە، “لەبەر ئەم هۆکارە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەسەر ئەم بابەتە، هەرچەندە پرسێکی زۆر قوڵە و قورسە، بەڵام لەگەڵ هاوتا تورکەکانمان بەردەوام دەبین لە پەیوەندیکردن، پێشبینیش دەکەم لەم هەفتەیەدا قسەی لەسەر بكەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامن لە كارە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ناوچەکە، كە “لایەنەکانی باکوری سوریا و هاوپەیمانە تورکیاکانمان سەبارەت بە هەر کارێک کە بتوانین بیکەین بۆ ئەوەی رۆژئاوای كوردستان سەقامگیری بێت”.