گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە نزیك دیمەشق دۆزرایەوە كە 100 هەزار تەرمی تێدایە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی سوریا کە بنکەکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، گۆڕێکی بەکۆمەڵ کە لانیکەم ١٠٠ هەزار تەرمی تێدایە لە دەرەوەی دیمەشقی پایتەختی سوریا دۆزراوەتەوە کە لەلایەن ڕژێمی رووخاوی بەشار ئەسەدەوە کوژراون.

سەرۆکی ڕێکخراوی فریاکەوتنی سوریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، شوێنی گۆڕەكە دەکەوێتە قەتیفە کە 40 کیلۆمەتر لە باکووری دیمەشقەوە دوورە، ئاماژەی بەوەشکرد، “گۆڕە بە كۆمەڵەكە یەکێکە لەو 5 گۆڕە بەکۆمەڵە کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەستنیشان كراون”.

دوێنێ دووشەممە، بەرپرسێکی گروپە چەكدارەكان لە ناوچەكە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، گۆڕێکی بەکۆمەڵیان لە تەنیشت ڕێگای نێودەوڵەتی لە گوندەواری دەرعای باشووری سوریا دۆزیوەتەوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی فریاکەوتنی سوریا ڕایگەیاند، لقی هەواڵگری هێزی ئاسمانی سوریا ”بەرپرس بوو لە گواستنەوەی تەرمەکان لە نەخۆشخانە سەربازییەکانەوە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو كەسانە لە زیندانەكان ئەشكەنجە دەدران تا مردن، دوای ئەوە دەگوازرانەوە لقی هەواڵگری، دوای ئەویش بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكان”.

ڕۆیتەرز لێدوانەكانی سەرۆکی ڕێکخراوی فریاکەوتنی سوریای پشتڕاست نەکردەوە.

 ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە کە 100 هەزار کەس، خەمڵاندنە، ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە تەرمی سورییەكان، “قوربانی ئەمریکی و بەریتانی و بیانیش هەن”.

 داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە