وەزیری دادی تورکیا: تا ئێستا سوێد و فینلاند كەسیان رادەست نەكردووین
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، بەکر بۆزداگ، وەزیری دادی تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی راستەوخۆدا ئاماژەی بەوە دا، دوای “رێككەوتن” لەگەڵ سوێد و فینلاند، تائێستا كەس رادەستی توركیا نەكراوەتەوە.
بۆزداگ گوتی: “هەرچەندە ئەو بەڵگانەی لە سوێد و فینلاند لە دۆسیەکەدا هەن بەسە بۆ رادەستکردنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەسیان رادەست نەکردووەتەوە، فینلاند لێکۆڵینەوەی دووبارەی لە دۆسیەی شەش کەس رەتکردەوە.”
دوای واژۆکردنی رێککەوتنی سێ قۆڵی لەگەڵ فینلاند و سوێد، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 28ی حوزەیرانی 2022 بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، “لەسەر ئەو بابەتە بەڵێن دراوە، بۆ نموونە سوێد 73 تیرۆریستمان بۆ دەنێرێت، ئێستا 3-4 تیرۆریستیان ناردووە، بەڵام ئەمانە بەس نین بۆ ئێمە، بێگومان وەزارەتی داد و دەرەوە و دەزگای هەواڵگری نیشتمانیمان لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەن و دەڵێن، ئەم تیرۆریستانە بنێرن، هەموو ئەمانە ئێستا وەک داواکارییەکانمان دیارن، ئهگهر ئەوەیان نەکرد، له ههر كاتێكدا له رێگهی دامهزراوه و یهكهكانمانهوه ئهوهی پێویست بێت دەیکەین.” تورکیای ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ، سوێد و فینلاند بە داڵدەدانی ئەندامانی پەکەکە تۆمەتبار دەکات. رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی تاوەکو سوێد و فینلاند نیگەرانییەکانی ئەنکەرە لەبارەی پەکەکە نەڕەوێننەوە، گڵۆپی سەوزی بە ئەندامبوونیان بۆ هەڵناکات