بانگەوازێکی نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی سوریای دیموکراتەوە بۆ راگرتنی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ

رەقە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، بانگەوازییەكی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نارد، بۆ وەستاندنی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر شاری کۆبانێی رۆژئاوای كوردستان.

دوێنێ یەکشەممە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان، داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد، بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیا بوەستنەوە و ڕایگەیاند “ بەرکەوتەی هەڕەشە و مەترسی گەورە بوینەتەوە، و داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەموو جیهان دەکەین بۆ ئەوەی پێکەوە کۆبانێ بپارێزن

ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و میلیشیای “جەیش وەتەنی” سەر بە تورکیا، لە مونبج و بەنداوی تیشرین و پردی قەرەقۆزاق لە گوندەواری باشووری شاری كۆبانێ کۆتایی دێت، ئەمەش لە کاتێکدایە كە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، هۆشداری دەدات كە تورکیا بە نیازە هێرش بكاتە سەر شاری كۆبانێ.

ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ناوی کۆبانێ لەو ململانێیە خوێناوییە كە سوریای پارچە پارچە كرد سەریهەڵدا، “ئەم شارە بچووکە کە خەریک بوو بکەوێتە چنگی دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی، بەڵام گۆڕا بۆ وەرچەرخانێکی مێژوویی لە شەڕی داعشدا .”

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “تورکیا ڕۆڵێکی گوماناوی لە پاڵپشتیکردنی داعشی هەبوو و تا ئێستاش پاڵپشتی ئەو میلیشیا جەیش وەتەنی دەکات کە هەمان عەقڵیەتی داعشیان هەیە، و لەنێو ڕیزەکانیاندا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە هەن، ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دروست دەكات”.

“مەسەدە” ڕایگەیاند کۆبانێ “پێویستی بە پشتیوانی جیهان هەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و پاراستنی گەلەکەی لە هەر هێرشێکی داهاتوو.”

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە