واشنتۆن ئاڵای نوێی سوریا بەرز دەكاتەوە و داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دۆخی ئەمنی لە سوریا “بە ناجێگیری و پێشبینی نەکراو ماوەتەوە” و داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد کە “ئەگەر بتوانن” سوریا بەجێبهێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بارودۆخی ئەمنی لە سوریا ناجێگیرە و پێشبینینەکراو بەهۆی “ململانێی چەکداری و تیرۆر”.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، “ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی کە ناتوانن بچنە دەرەوەی ئەو وڵاتە، پێویستە پلانی فریاگوزاری بۆ بارودۆخە نائاساییەکان ئامادە بکەن”.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕێگەی دا ئاڵای نوێی سوریا لەسەر بینای باڵیۆزخانەکە لە واشنتۆن بەرزبكرێتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ نیازپاکی بەرامبەر گەلی سوریا.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد