فڕۆكەكانی رووسیا بنکەی حمەیمیم لە سوریا بەجێدەهێڵن
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێکی ئەمنی سوریا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری رووسیا بنکەی حمەیمیمی ڕووسی لە لازقییە بەجێهێشت و بەرەو لیبیا بەڕێکەوت.
یەکشەممەی ڕابردوو، دوای ئەوەی دەستەی تەحریر شام و میلیشیا چەكدارەكان گەیشتنە دیمەشقی پایتەختیان سوریا، ڕژێمی بەشار ئەسەد رووخا، كە رووسیا پاڵپشتی سەرەکی ئەو رژێمە بوو.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو بەرپرسە سورییە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا فڕۆکەی زیاتری ڕووسیا ئەو بنکەیە بەجێبهێڵن.
وێنە مانگی دەستکرد کە لەلایەن كۆمپانیای “ماكسار” دوای رووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بڵاوکرایەوە، دەرکەوت کە رووسیا کەرەستەی سەربازییەكانی لە بنکەكانی خۆی لە سوریا کۆدەكاتەوە.
“ماکسار” ئاماژەی بەوەكردووە كە “دوو فڕۆکەی گواستنەوە لە جۆریAN-124 لە فڕۆکەخانە پێشەكەیان كراونەتەوە، بۆ ئەوەی كەرستەكانی لێ باربكرێت”.
لەو چوارچێوەیەدا مارک هێرتلینگ، جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی ئەمریکا بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاندووە، مۆسکۆ هەوڵی دەرچوون لە لازقییە و تەرتووس دەدات، ئاماژەی بەوەدا کە “هەوڵدەدات سوریا بەجێبهێڵێت، چونکە نیگەرانە لە ئاسایشی ئەم دوو بنکەیە”. ”
ڕوونیشی کردەوە، “ئێستا لە لازقییە فڕۆکەی پێویست نییە بۆ گواستنەوەی هەموو كەرستەكان، بەڵام ئەمە سەرەتایە”.
وەزارەتی بەرگری رووسیا وەڵامی داواکارییەکی ئاژانسی ڕۆیتەرزی نەدایەوە بۆ لێدوان لەسەر ئەو بابەتە.