بە تەقەی “جەیش وەتەنی” لە كۆبانێ ژنێک کوژرا و کەسانی دیکەش برینداربوون
کۆبانێ– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، ژنێکی كورد گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بە تەقەی “جەیش وەتەنی” سەر بە تورکیا برینداربوون، لەسەر پردی قەرەقۆزاق لە باشووری ڕۆژئاوای کۆبانێی رۆژئاوای كوردستان.
ساڵح بەركەل، رایگەیاند كە هاوسەرەکەی “زاهیدە ئەحمەد بوزان”ی تەمەن (50 ساڵ) بەتەقەی میلیشیای”جەیش وەتەنی” سەر بە توركیا كوژرا، ئەوەیش لەكاتی ئەوەی لە كۆبانێوە بەرەو مونبج دەڕۆیشتن.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەوەكیشی بەناوی جوان بەركەل كە تەمەنی (٨ ساڵ)ە فیشەكێكی بە شانی کەوتووە، و ئێستا لە نەخۆشخانەیە.

هەروەها زولەیخا محەممەد، یەکێک لە خزمەکانی ئەو خێزانە، فیشەكێكی بە زكی كەوتووە، و زاوای خێزانەکەش محەممەد عوسمان بە سووکیی برینداربووە.
پزیشکێکی نەخۆشخانەی کۆبانێ بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، باری تەندروستی بریندارەکان جێگیرە و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
ساڵح بەركەل ئاماژەی بەوەشکرد، كە ئەوان لەرێكا دابوون بۆ ئەوە بچنەوە ماڵەكەیان لە شاری مونبج، هەر کە لە پردی قەرەقۆزاق بەڕینەوە لەلایەن ئەو چەكدارانەوە تەقەیان لێكرا.
دەیان خێزانی کورد کە لە شای مونبج دەژیا، دوای ئەوەی میلیشیای “جەیش وەتەنی” سەر بە توركیا هێرشی كردە سەر ئەو شارە، ئاوارەبوون کۆبانێ بوون.