هێرشێکی “توند” لە سێ میحوەرەوە كرایە سەر شاری مونبج
مونبج – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی سەربازی لە شاری مونبجی باکووری سوریا ڕایگەیاند، میلیشیاكانی “جەیش وەتەنی” سەر بە توركیا، لە سێ میحوەرەوە هێرشێکی توندیان بۆ سەر شاری مونبج دەستپێكردووە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، كە شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازی مونبج و میلیشیاكانی سەر بە تورکیا، لە دەروازەی باشوور و ڕۆژئاوای شاری مونبج دەستی پێكردووە.
سەرچاوە سەربازییەکە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەكان میحوەرەكانی ڕووباری ساجوڕی گوندەواری باکوور و گوندی عەرێمەی گوندەواری باشوور و نزیک خەفسەی گوندەواری باشووری ڕۆژئاوای شارەکەی كردۆتە ئامانج.
سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لەوە كردووە، كە میلیشیاكان دزەیان کردووەتە ناو دەروازەی باشووری شارەکە و بەشێک لە خەڵکی ناوچەكەیان بە بارمتە گرتووە.
ئێلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، “تورکیا شاری مونبج دەكاتە ئامانج، دەیەوێت داگیری بكات”.