تەندروستی جیهانی: لە کۆتایی کۆرۆنا نزیک دەبینەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

شەوی چوارشەممە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covid-19) نزیکە لە کۆتایی هاتنی، بە تایبەت دوای تۆمارکردنی کەمترین ژمارەی تووشبووان لەسەر ئاستی جیهان.

بە تایبەت دوای ئەوەی گیانلەدەستدانی هەفتانە بە کۆرۆنا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی.

لەسەر ئاستی جیهان، لە هەفتەیەکدا؛ لە 5 تا 11ی ئەیلول، رێکخراوی تەندروستی جیهانی نزیکەی (11 هەزار) گیانلەدەستدانی بە کۆرۆنا تۆمارکردووە، ئەمەش بە بەراورد بە هەفتەی پێشوو بە رێژەی 22% دابەزیوە.

هەروەها حاڵەتە نوێیەکانی تووشبوانی هەفتانە بە ڕێژەی 28% کەمیان کردووە؛ لە ماوەی هەفتەی یەکەمی بۆ دووهەمی مانگی ئەیلولدا لە نزیکەی 4.2 ملیۆن کەسەوە دابەزیوە بۆ نزیکەی 3.1 ملیۆن توشبوو.

بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، تیدرۆس ئەدهانۆم گێبریسۆس، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ “هه‌رگیز له‌ دۆخێكی باشتردا نه‌بووین بۆ كۆتایی هێنان به‌ په‌تاكه‌، تا ئێستا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ كۆتاییه‌كه‌ی، به‌ڵام ئاسۆکانی كۆتایی هاتنی دەرکەوتوون.”

بەڵام تێدرۆس هۆشداریدا لەوەی کە ئەم دیدە بەو مانایە نییە کە وڵاتان هەوڵەکانی پشکنین و کوتان و چارەسەرکردنیان سووک بکەنەوە.

وتیشی:” ئێمە لە ماراسۆنداین، دەتوانین هێڵی کۆتایی ببینین، لە دۆخێکداین کە بڕیارە سەرکەوتن بەدەستبهێنین، بەڵام ئێستا خراپترین کاتە بۆ وازهێنان لە راکردن.”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبێر