
میلیشیاكانی سەر بە توركیا هەزاران ئاوارەی گوندەواری حەلەب گەمارۆ دەدەن و دەیانڕفێنن
گوندەواری حەلەب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” ڕایگەیاند، میلیشیاكانی سەر بە توركیا، هەزاران هاوڵاتی مەدەنییان رفاندووە، ئەمەش دوای چەند ڕۆژێک لە گەمارۆدانیان لە گوندەواری باکووری حەلەب.
چەند ڕۆژێکە دانیشتوانی گوندەواری باکووری حەلەب كە بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكان ئاوارەبوونە، بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە لەسەر ڕێگاکان گیریان خواردووە، و میلیشیاكانی توركیا رێگایان پێنادەن بچنە ناوچە ئارامەكانی رۆژئاوای كوردستان.
لە بەیاننامەیەکدا “هەسەدە” ڕایگەیاند، “میلیشیاكانی سەر بە تورکیا هەڵمەتێکی بەرفراوانی ڕفاندن و دەستگیركردنیان لە نێوان هاوڵاتیانی مەدەنیدا ئەنجامدا کە لە ناوچەکانی شەهبا لە باکووری حەلەب گەمارۆدراون”.
راشیگەیاند، کە ئەم میلیشیانە “زیاتر لە ١٢٠ ئۆتۆمبێلیان بە خاوەن و سەرنشینانەوە ڕفاندووە، کە سەدان هاوڵاتی مەدەنی بوون، لە رێگای ئاوارەیی دابوون بۆ ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “میلیشیاكانی توركیا زیاتر لە پانزە هەزار هاوڵاتی مەدەنییان دەستبەسەرکرد و ژمارەیەکی زۆریان ڕفاند، و خواردن و ئاوی لێیان قەدەغە كردووە”.