“تەحریر شام” پێشڕەوی خۆی لە حەما ڕادەگەیەنێت و حکومەت ڕەتیدەکاتەوە نەخشەی کۆنترۆڵکردن گۆڕابێت

حەما – نۆرس پرێس

شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرای پێشوو) و هێزەکانی حکومەتی سوریا، بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا، لە باکوور حەما بەردەوامە، تەحریر شام پێشڕەوی خۆی ڕاگەیاند و حکومەتی دیمەشق ڕەتیدەکاتەوە کە نەخشەی کۆنترۆڵکردن لە حەما گۆڕابێت.

ژووری “بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکان”ی تەحریر شام ڕایگەیاند کە لە ماوەی ١٢ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ شوێنی سەربازییان لە گوندەواری ڕۆژهەڵات و باکووری حەما کۆنترۆڵ کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەحریر شام “بازنەکەی بجوککردۆتەوە” لەسەر چیای زەین عابدین لە نزیک حەما، لە هەمان کاتدا “پێشکەوتنی بەرچاو”ی بەدەستهێناوە، و هێرشی لە دژی هێزەکانی حکومەت لە حومس ئەنجامیداوە.

هاوکات میدیاکانی حکومەتی دیمەشق لە سەر زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە ڕایانگەیاندووە، “هیچ گۆڕانکارییەک لە نەخشەی کۆنترۆڵکردن لە بەرەی گوندەواری باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی حەمادا نییە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ ڕاست نییە کە چەکداران چووبنە ناو گەڕەکێکی شاری حەما، بەڵکوو هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەکان زۆر لەو شارەدا هەن، ئاماژەی بەوەشکرد، پێکدادانەکان بە دووری 10 کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری حەمان.

هەروەها ناوەندی ئاشتەوایی ڕووسیا ڕایگەیاند کە “سوپای سووریا بە هاوکاریی هێزی ئاسمانی ڕووسیا، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٢٠ تیرۆریستی کردۆتە ئامانج.”

ڕێکخراوی بەرگری شارستانی لە ئیدلب ڕایگەیاند، بۆردومانەکانی حکومەتی دیمەشق و ڕووسیا بۆ سەر ئیدلب و حەما و حەلەب لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا 94 کەسی کوشتووە و 320 کەسی دیکەش برینداربوون.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد