بەڕێوبەرایەتی خۆسەر: ٣٠ هەزار خێزان كە لە گوندەواری حەلەب ئاوارە بوونە پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە
رەقە – نۆرس پرێس
بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە بە نۆرس پرێسی ڕایگەیاند، زیاتر لە 30 هەزار خێزان، كە بەهۆی هێرشی میلیشیاكانەوە هەڵاتوون پێویستیان بە هاوکاری بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە.
شێخموس ئەحمەد، بەڕێوەبەری نوسینگەی كەمپ و کاروباری ئاوارەكان ڕایگەیاند، بەرێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان پێشوازی لە زیاتر لە 30 هەزار خێزانی ناوچەکانی شەهبا و تەل رەفعەت كردووە، كە بەهۆی روداوەكانی ئەم دواییە ناوچەكانیان جێهێشتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوبەرایەتی خۆسەری، ژمارەیەك پاسی ناردووە بۆ ناوچەی شەهبا، بۆ رزگاركردنی خێزانە كوردەكان، ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرینەی ئاوارەکان لە دەرەوەن و بەبێ پەناگەن.
ئەو بەرپرسە راشیگەیاند، خزمەتگوزارییەکانی ئەو رێكخراوە مرۆییانە بەشی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە ناكات، چونکە ناتوانن خزمەت گوزاری بۆ ئەو ژمارە زۆرە دابین بكەن، توانای بەڕێوبەرایەتی خۆسەریش بەرگەی ئەو قەیرانە ناگرێت.
ئەحمەد داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە هاوکاری بەپەلە پێشکەش بە ئاوارەکانی رۆژئاوای كوردستان بكەن، هەروەها لە ڕێگەی دەروازەی یەعڕەبییە/تل کۆچەرەوە هاوكارییەكان بگەنە دەستیان.