“تەحریر شام” و میلیشیاكانی تورکیا دەڵێن لە حەلەب و گوندەواری پێشڕەوییان کردووە

حەلەب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، میلیشیاكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای سەر بە توركیا و دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرای پێشتر) ڕایانگەیاند، کە دەستیان بەسەر دوو شارۆچکەی گوندەواری حەلەب، و دوو گەڕەکی نوێی ناو شارەکەدا گرت.

میلیشیاكانی بەشدار لە هێرشەكەدا رێگای حەلەب – خەناسر، و ئەو ڕێگایەی شارەکانی حەلەب و حەمایان كونتڕۆل كرد، دواتر ڕایانگەیاند کە دەستیان بەسەر شارۆچکەی خەناسریشدا گرتوون لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حەلەب.

میلیشیاكان لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رایانگەیاند، کە میلیشیاكان دەستیان بەسەر کۆلێژە سەربازییەکاندا گرتووە، کە دوا پێگەكانی حکومەتی دیمەشقە لە شاری حەلەب، هەروەها دەستیان بەسەر شاری پیشەسازیی شێخ خەناسردا گرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، میلیشیاكان دەستیان بەسەر کۆلێژی تۆپخانەی مەیدانی و ئەکادیمیای سەربازی لە شاری حەلەب گرت.

لەو چوارچێوەیەدا، “جەیش وەتەنی” سەر بۆ تورکیا دەستی بەسەر شارۆچکەی سەفیرەی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حەلەبدا گرت، و هەروەها ژمارەیەك تانكی سەربازی هێزەكانی حكومەتی كەوتە دەست.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان