میلیشیاكانی ئێران بارەگای نوێ لە شاری دێرەزوور  دادەمەزرێنن

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، دوای هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا و بۆردومانی ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی سوریا، میلیشیاكانی ئێرانی سەر بە سوپای پاسداران، دوای چۆڵكردنی بارەگاكانیان، لە گوندەواری شاری دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بارەگای نوێیان لەو شارە دامەزراند.

سەرچاوەیەکی سەربازی میلیشیاكانی “سپای پاسدارانی هێران” لە دێرەزوور بە نۆرس پرێسی رایگەیاند، كە چوار بارەگای نوێییان لە ناوچەکانی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دامەزراندووە، کە هەموو بارەگاكانیش لە کەناری ڕووباری فوراتن، لە شارۆچکەی دوێڕە، مەیادیین، سەبیخان و قوریە دابەشکرابوون.

راشیگەیاند: میلیشیای “لیوای باقڕ”ی سەر بە  ئێران، دوای کۆتایی هاتنی خولێکی مەشق و ڕاهێنان بۆ ئەندامەکانی، دوو بارەگای لە شارۆچکەی عەشاڕەی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دامەزراندووە، هەروەها و میلیشیای “لیوای فاتمیون”ی ئەفغانی خاڵە سەربازی نوێی لە بیابانی مەیادیین دامەزراندوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە “سپای پاسدارانی ئێران” هەوڵدەدات خۆی بەهێز نیشان بدات لە دێرەزوور، دوای ئەوەی لەم روداوانەی رابردوودا لاواز بوو.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان