سوودانی: نابێت عێراق بكرێتە بەشێک لەم شەڕەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هەولێر – نۆرس پرێس

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕێوڕەسمی 100 ساڵەی دیپلۆماسیی عێراقی، رایگەیاند “گرژی و ئاڵۆزیی ئەمنیی زۆر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن و هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە، وڵاتەکەمان نەبێتە بەشێکی شەڕەکە.”

سوودانی ئەوەشی خستە ڕوو “حکوومەتی عێراق هەر زوو داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی فەلەستین و لوبنان، پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ڕێگریی لە فراوانبوونی شەڕەکە کردووە.”

سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، “نێردە دیپلۆماسییەکانمان راسپاردوون بۆ ئەوەى رۆڵى کارا بگێڕن لە روونکردنەوەى هەڵوێستى عێراق کە بریتییە لە پارێزگاریکردن لە بنەماکانى و گەرەنتیکردنى بەرژەوەندیی باڵاى وڵات.” 

سوودانی هەروەها گوتى، “ئیسڕائیل بە پاساوى بێ بنەما، هەڕەشەى لە عێراق کردووە کە ئاماژە بوون بۆ ویستە دوژمنکارییەکەى. ئەوەش وایکرد ئێمە جەخت لەوە بکەینەوە نابێت عێراق بکرێتە شوێنێک بۆ ئەوەى هیچ هێرشێکی لێوە بکرێت. داوامان لە وەزارەتى دەرەوە کردووە بەدواداچوون بۆ دۆسیەى هەڕەشەى ئیسڕائیل لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بکات بۆ رێگرى لە هەوڵەکانى بۆ هەڵگیرسانى جەنگ بەشێوەیەکى بەرفراوانتر لە ناوچەکەدا.”