ڕوسیا گەڕانەوەی 26 منداڵی لە رۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند
دیمەشق – نۆرس پرێس
ماریا لڤۆڤا بیلۆڤا، کۆمیساریای مافەکانی منداڵانی ڕووسیا، گەڕانەوەی ٢٦ منداڵی ڕووسی لە کەمپێکی رۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند.
کۆمیساریای مافەکانی منداڵانی ڕووسیا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئاشکرای، کار لەسەر گەڕانەوەی ژمارەیەك منداڵ لە سوریاوە دەکات، پێش کۆتایی ئەمساڵ.
بیلۆڤا دوێنێ هەینی لە تێلێگرام بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ ژمارەیەك منداڵی ڕووسی لە كەمێكی رۆژئاوای كوردستان گەڕاونەتەوە وڵات، كە پێكهاتوون لە 14 کوڕ و 12 کچ، و تەمەنیان لە نێوان 5 بۆ 12 ساڵە، و بەم زووانە چاویان بە کەسوکاریان دەکەوێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەوەی چاویان بە کەسوکارەکانیان بكەوێت، لە نەخۆشخانەکانی مۆسکۆ پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت و لە سەنتەرەكانی پاڵپشتی خێزان و منداڵان لە مۆسکۆ پەروەردە دەكرێن.
بەپێی ئاژانسی “تاس”ی ڕووسی، تا ئێستا ڕووسیا 592 منداڵی گەڕاندووەتەوە کە لە دایک و باوکێکی ڕووسی بوونە و کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”ەوە لە سوریا، عێراق، پاکستان و تورکیا کردووە.
منداڵانی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بە هاوکاری کۆمیساری مافی منداڵانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.