هێرشكرایە سەر “هەسەدە” لە دێرەزوور
دێرەزوور – نۆرس پرێس
شەوی رابردوو چەند هێرشێک كرایە سەر بارەگا و بازگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە گوندەواری دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، و دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارەتی خۆی لە یەکێک لەو هێرشانەی راگەیاند.
دوو چەکداری نەناسراو بە ماتۆڕسکیلێکەوە تەقەیان لە خاڵێکی پشکنینی “هەسەدە” كرد لە دەروازەی شارۆچکەی شحێل، كە زیانەکان تەنها ماددی بوون.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی ناوچەکە، هێرشێکی هاوشێوە خاڵێکی پشکنینی “هەسەدە”ی لە شارۆچکەی حەوائیجی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبكەوێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی “هەسەدە” و میلیشیاكانی ئێران لە کەناری فورات روویدا، لە شارۆچکەکانی سوێدان و دەرنج لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، تا ئێستاش هیچ زانیارییەك نیە لەسەر زیانەكان.
داعش لە ڕێگەی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشكردنە سەر خاڵێکی پشکنینی “هەسەدە” لە شارۆچکەی شحێلی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند، و ئاماژەی بەوەدا لە هێرشەكەدا چەند ئەندامێكی “هەسەدە”ی برینداركردووە، هاوکات سەرچاوەکان ڕەتیانکردەوە كە هیچ كەسێك بریندار بووبێت لەم هێرشەدا.
دوێنێ یەکشەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی “هەسەدە” ڕایگەیاند، لە تەقینەوەیەکی ماتۆڕسكیلێك کە لەلایەن شانەیەکی داعشەوە ئەنجامدرا، لە باشووری حەسەكە، سێ شەڕڤان برینداربوون.