نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی: زانیاری هەیە كە رفێندراوانی ئێزدی لە کەمپی هۆل رۆژئاوای كوردستان هەن
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی رفێندراوی دەستی داعش ڕایگەیاند، كە زانیارییان هەیە كە هاوڵاتییانی ئێزدی ڕفێنراو لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای كوردستان هەن.
لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی پێشوودا، هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان، توانیویانە ژمارەیەكی زۆری ژن و منداڵانی ئێزدی لە كەمپی هۆل رزگار بكەن.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی، بە ماڵپەڕی حوڕەی ڕاگەیاند، تا ئێستا 3581 ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون، ئازاد کراون.
لە 03-08-2014دا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و گوند و شارۆچکەکانی دەوروبەری. لەو هێرشەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
دوای هێرشی داعش بۆسەر شنگال، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان نووسینگەیەکی بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی رفێندراوی دەستی داعش پێکهێنا. ئێستا نووسینگەکە سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە و هەزاران کوردی ئێزدیی رزگار کردووە.
قائیدی ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ەوە کە نووسینگەکە کرایەوە، تا ئێستا ژمارەی ئەو ئێزدیە ئازادكراوەكان کە لەلایەن داعشەوە ڕفێنراون گەیشتووەتە 6417 کەس کە لە ژن و پیاو و منداڵ پێكهاتوون.
لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان ئازادکردنی ژنێکی ئێزیدی و دوو منداڵییان لە کەمپی هۆل ڕاگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی ئابی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە “داعش هەزاران ئێزدی کوشت و بە کۆیلە کرد، تا ئێستاش زیاتر لە 2600 ژن و کچی ئێزدی بێسەروشوێنن”.
بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان داعش زیاتر لە ٢٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە دوای خۆی بەجێهێشتووە کە پێدەچێت نزیکەی ١٢ هەزار تەرمی تێدابێت.