٥ کەس لە گوندەواری دێرەزوور برینداربوون

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێنج کەس، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو لەسەر ڕێگایەک لە نزیک شاری دێرەزوور بریندار بوون.

شانەکانی داعش و میلیشیاكانی سەر بە ئێران، ناوبەناو هێزەکانی سوریای دیموکرات و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و بەرپرسانی دامودەزگاکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان لە گوندەواری دێرەزوور دەکەنە ئامانج، كە زۆر جار زیانی گیانی و برینداربوونی لێدەکەوێتەوە.

سەرچاوەیەک لە شارۆچکەی عەزبای باکووری دێرەزوور بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ” بۆمبێكی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی “هەسەدە” و ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیدا لە شارۆچكەی عەزبا تەقییەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی تەقینەوەكە پێنج هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیکردەوە کە بۆمبەكە دوای تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی “هەسەدە” تەقییەوە، بەڵام بەر هیچ یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان زیانی بەر نەكەوت.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: سەعد یازجی