میلیشیاكانی سەر بە تورکیا دەیان دار لە دارستانەكانی شاری عەفرینی داگیركراو دەبڕن

عەفرین – نۆرس پرێس

ئەندامانی میلیشیاكانی تورکیا دەیان داری “سنەوبەر”یان لە ناحیەی جەندرێسی گوندەواری عەفرینی داگیركراو بڕییەوە.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، ئەندامانی میلیشیای “سەمەرقەند”ی سەر بە “جەیش وەتەنی”، كەلەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن، لە نزیک گوندی حەجی حەسنای ناحیەی جەندرێسی عەفرین، سەدان داری سنەوبەریان بڕیوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، میلیشیاكە لە ڕێگەی بارهەڵگرەوە دارەکانیان گواستەوە بۆ ناوچەکانی ئیدلب بۆ ئەوەی لە وەرزسی زستان بیان سوتێنن.

لە چوارچێوەی ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی كە میلیشیاكان لە دژی كوردانب شاری عەفرینی داگیركراو ئەنجامی دەدەن، ئەندامانی میلیشیای “حەمزات”ی سەر بە توركیا هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە گوندی زەعڕە، لە ناحییەی بولبول و دەستیان بەسەر بەروبوومی زەیتونی جوتیارێكدا گرت بەناوی “رەفعەت حوسێن” ئەویش دوای دوورینەوەی دار زەیتونەكانی لە گوندی عەلی کارۆ.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، میلیشیاكان بە بیانووی نەدانی باجە دەستیان بەسەر ئەو زەیتونانەدا گرتووە، كە باجی 2 دۆلاریان بەسەر هەر دارزەیتونێك سەپاندووە.

پێشتر نۆرس وێنە و ڤیدیۆ دارستانەكانی عەفرینی داگیركراو بڵاوکردەوە کە بە ئامێری تیژ، دارزەیتونی جوتیارانی كورد دەبڕدرا، سەرچاوە ناوخۆییەکانیش ڕایانگەیاندووە کە میلیشیای “عەمشات” زیاتر لە هەزار داری سنەوبەریان لە دارستانەكانی قەزای مەعبەتڵی سەر بە عەفرینی رۆژئاوای كوردستان بڕیوە.

ئامادەکردنی: سوار حەمۆ – داڕشتنەوەی: ماڵین محەممەد