نوێنەری “مەسەدە” لە واشنتۆن: سیاسەتی ترەمپ ئەمجارە جیاواز دەبێت لەوەی پێشتر

قامشلۆ – نۆرس پرێس

سینەم محەممەد، سیاسەتمەداری کورد و نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە واشنتۆن ڕایگەیاند، ئەو سیاسەتەی کە ئەمجارە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی نوێی ئەمریکا پەیڕەوی دەكات، جیاواز دەبێت لە سیاسەتەکانی پێشووی.

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان پۆستی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەدەستهێنا و بووە ٤٧هەمین سەرۆکی ئەمریکا، دوای ئەوەی لە کامالا هاریسی ڕکابەری بردەوە.

سینەم محەمەد لە لێدوانێكی بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، سیاسەتی ناوخۆی ترەمپ ئەمجارە لەسەر دۆخی ئابووری و کۆچبەری دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە سیاسەتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، من پێموایە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە جیهان و ناوچەکەمان ئێستا جیاوازە لەوەی کە بۆ یەکەمجار سەرۆک بوو، بۆیە سیاسەتەکەی، بەپێی ئەو بانگەشانەی دەیكرد بەڵێنی دابوو، شەڕ بوەستێنێت و رێگایەكی نوێ بگرێتەبەر”.

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە هیوای خواست کە سیاسەتەکەی بەرامبەر سوریا، ئامانجی وەستاندنی قەیران و هێنانەدی سەقامگیری و ئارامی بێت.

سەبارەت بە شەڕی دژی تیرۆر، سینەم پێیوایە بەردەوام دەبێت، چونکە پێشتریش بەرەنگاری تیرۆر دەبۆوە، ، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک ترامپ ئارەزووی کۆتاییهێنانی تیرۆری لە ناوچەکەدا هەیە، و سیاسەتیشی بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەندە بەوەوە کە کێ هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی کاروباری دەرەوەی بۆ بەڕێوەببات.

داڕشتنەوەی: سەعد یازجی