عەفرین.. میلیشیایەكی سەر بە تورکیا دەستی بەسەر كارگەیەكی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوندا گرت

عەفرین – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، میلیشیای “عەمشاتی”ی سەر بە تورکیا دەستی بەسەر كارگەیەكی بەرهەمهێنانی زەیت زەیتون و زەوییەکی کشتوکاڵیدا گرت، لە ناحیەی جەندەرێسی شاری عەفرینی داگیركراو، ئەویش دوای چەند رۆژێك لە دەستگیركردنی خاوەنەكەی.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە، میلیشیای “جەیش وەتەنی” سەر بە توركیا، لە چەند ناوچەیەکی شاری عەفرین رۆژئاوای كوردستان، دەستیان بە دزینی دەیان داری زەیتونی جوتیارە كوردەكان كردووەبوون.

ئەندامێكی میلیشیای “پۆلیسی سەربازی” لە ناحیەی جندیرێسی عەفرین ڕایگەیاند، فەرمانگەی ئابووریی سەر بە میلیشیای سلێمان شا، “عەمشات”، دەستیان بەسەر كارگەیەكی بەرهەمهێنانی زەیت زەیتون و زەوییەكی كشتوكاڵیدا گرتووە، كە رووبەرەكەی ١٢٥ دۆنمە، و خاوەنەکەی “ئەحمەد عەزیز”ە، کە چوار ڕۆژ لەمەوبەر بە تۆمەتی ئەمنی دەستگیرکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بنەماڵەی “عەزیز” چوونەتە دادگای جندیرێس بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر میلیشیاكە، بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی، بەڵام داواکارییەكە لەلایەن دادگاوە ڕەتکرایەوە بەبیانووی ئەوەی دۆسیەکە پەیوەندی بە دادگای سەربازییەوە هەیە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاوڵاییانی عەفرین و گوندەواری، بۆ ترساندنی جوتیارە كوردەكانە، زۆرجاریش خاوەن موڵک بە تۆمەتی ئەمنی دەستگیردەكرێت.

ئامادەکردنی: هانی سالم – دڕشتنەوی: ماڵین محەممەد