فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا: 200 ئەندامی داعش کوژران و دەستگیرکران

حەسەكە – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو مانگدا 95 ئۆپراسیۆنیان دژی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە سووریا و عێراق ئەنجامداوە، و نزیکەی دوو سەد ئەندامی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە کوژراون و دەستگیرکراون.

ڕوونیشیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان بە هاوکاری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لە سوریا و عێراق (هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە) ئەنجامدراون، هاوکات بەشێك لە ئۆپەڕاسیۆنەكان لە سوریا بە تەنها لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان ئەنجامدراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا 163 ئەندامی ڕێکخراوەکە كوژراون و 33 ئەندامی دیکە دەستگیركراون، ئاماژەی بەوەشکرد، لە نێویاندا ٣٠ سەرکردەی باڵا و مامناوەند هەیە.

بەپێی بەیاننامەکە، ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە “سێنتکۆم” بە “سەرکەوتوو” ناوی برد، بۆتە هۆی پەکخستنی كردەوەكانی داعش، بەو پێیەی كە کەرەستەی سەربازیی زۆر دەستیبەسەرداگیراوە،

ئاماژەی بەوەشكرد “فشاری بەردەوام بۆ سەر سەرکردەکانی داعش توانایان كومدەكاتەوە لە پلاندانان بۆ هێرشكردن”.

ژەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند: هاوشانی هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە عێراقییەکان، بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون بەدوای ئەو تیرۆریستانە، و تواناكانیان رادەگرین بۆ ئەوەی نەتوانن هێرشبكەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، و بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانمان”.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان