یەکێتی ئەوروپا نێردراوێکی تایبەت بۆ سوریا دیاری دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕۆژنامەیەکی ئیتاڵی دوێنێ هەینی، ئاشکرای کرد، كە یەکێتی ئەوروپا باڵیۆزی نەمسا کریستیان بێرگەری وەک نێردەی تایبەتی نوێی یەکێتی ئەوروپا بۆ سوریا دەستنیشانکرد.
دووشەممەی ڕابردوو ڕۆژنامەی “پۆلیتیكۆ”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، یەکێتیی ئەورووپا بەنیازە نێردراوێکی تایبەت لە سوریا دابمەزرێنێت بەبێ ئەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق ئاسایی بكاتەوە.
ڕۆژنامەی “ڤۆلییۆ” لە ڕاپۆرتێکدا کە دوێنێ بڵاویکردەوە، ڕایگەیاندووە، جۆزێپ بۆرێل، نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، بڕیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ دامەزراندنی “بێرگەر” وەک نێردەی تایبەت بۆ سوریا “لە ئەنجامی کارە دیپلۆماسییەکانی ئیتالیا لە برۆکسلدا” هاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بێرگەر ئەزموونێکی دوور و درێژی لە کاروباری سوریادا هەیە، هەروەها وەک باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە تورکیا و میسر کاری کردووە.