بەڕێوبەرایەتی خۆسەر: بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە 600 بیری ئاوی ناوچەکە لەكاركەوتن

بەیاننامەی دەسەڵاتی خۆجێی لە شاری حەسەکە سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە - نۆرس پرێس

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە دەسەڵاتی خۆجێیی سەر بە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، بۆردومانەكانی تورکیا، 604 بیری ئاوی لەو شارەدا لەكارخست بەهۆی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی کارەبا و سووتەمەنی.

تورکیا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا چەند جارێک کۆمپانیاکانی کارەبای کۆبانی و عامودێی بۆردومانکرد، هاوکات بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە بەیاننامەیەکی پێشوویدا ڕایگەیاندبوو، کە زیانەکانی کەرتی وزە لە ئەنجامی بۆردومانەکەی تورکیا، پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمریکیە.

لە بەیاننامەیەکدا، دەسەڵاتی خۆجێی لە حەسەكە ڕەخنەی لە “بێدەنگی نێودەوڵەتی گرت لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە هێزەکانی تورکیا ئەنجامیانداوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە ئەندامانی تیمی ئاگرکوژێنەوە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەركەكەیدا بەهۆی بۆردومانەكانی تورکیاوە برینداربووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆردومانەکە بووەتە هۆی نەگەیشتنی سووتەمەنی بۆ ناوەندە خزمەتگوزارییەکان، ئەمە جگە لەوەی كە سوتەمەنی بەڕێژەیەكی “بەرچاو” کەمبووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، نانەواخانەکان و كۆگاكانی ئارد بۆردومانكران کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری ناوچەكە كردوە، و بۆە هۆی کۆچکردنی خەڵكی ناوچەكە.

ئامادەکردنی: دلسوز یوسف – داڕشتنەوەی: تەیسیر محەممەد