داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانج کردنی بازگەیەکی سەربازی هەسەدە راگەیاند
دێرەزوور- نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجکردنی بازگەیەکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ،لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی دێرەزور لە رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی ئەعماق، کە ئاژانسێکی ئەلیکترۆنی نزیکە لە رێکخراوەکە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، چەکدارانی رێکخراوەکە بە چەکی ئۆتۆماتیکی بازگەیەکی سەربازیی هەسەدەیان لە سەر رێگای گشتی شارۆچکەی ئەبریهە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، کردووەتە ئامانج.
رایانگەیاند کە هێرشەکە بووەتە هۆی گیانلەدەسدانی ئەندامێکی هەسەدە.
سهرچاوهیهكی سهربازی هەسەدە بۆ نۆرس پرێسی ، هەواڵەکەی داعشی دەربارەی گیانلەدەستدانی ئەندامێکیان، رەتکردەوە.
سەرچاوەکەی هەسەدە رایگەیاند کە بازگەکەیان تەقەی لێکراوە و روبەڕوبوونەوەی ئاسایی رویداوە و لە کۆتایدا هێرشبەران هەڵهاتوون.
سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە چڕانەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستیپێکردووە، لەم دواییانەدا، گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور زیادبوونی حاڵەتەکانی تیرۆرکردنی بەخۆوە دیووە کە ئەندامانی هەسەدە و کارمەندانی بەڕێوبەری خۆسەر و کەسایەتی هۆزەکان و دانیشتوانی سڤیل، دەکەن بە ئامانج.
یەکشەمەی پێشوو، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە شەهید کردنی شەش ئەندامی هەسەدە لە گوندەواری دێرەزوور، راگەیاند و وتیان ئەوە لە تۆڵەی ماڵباتەکانیان کردوویانە لە کامپی هۆل.