هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەی قەرەحەسەن ئەنجامدا
هەولێر – نۆرس پرێس
سەرلەبەیانی دوێنێ سێشهممه، لیوای 22ی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ گەڕان و راوەدوونانی سەرانی داعش لە گوندی قەرەحەسەنی سەر بە ناحیەی لەیلان، 25کم باشووری شاری کەرکوک، ئەنجامدا.
وەزارەتی پێشمەرگە لە روپەڕی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایانگەیاند، ” بەسەرپەرشتی عەمید محەمەد عەبدوڵا تەپەدێیی، فەرماندەی لیوای 22ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە میحوەری چواری هێزەکانی پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنوری ناوچەی قەرە حەسەن بۆ گوندەکانی جەوەڵ بۆر و ئاخور گورجی و ئەو ناوچانەی کە گومان دەکرا تیرۆریستانی داعش وەک رێڕەوی هاتوچۆ و مانەوەیان بەکاریان دەهێنا، ئەنجام دا.”
لە هەمان راگەێنراودا هاتووە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە چوار قۆڵەوە دەستی پێکردوە و ماوەی شەش کاتژمێر بەردەوام بووە، یەکەکانی لیوای 22ی پیادە تیایدا بەشداربوون.
بە گوێرەی راگەێنراوەکە، ئەم ئۆپەراسیۆنە، دوای ئەوە دێت، لە کۆتایی مانگی ئابدا تیرۆریستانی داعش دوو هاووڵاتی کوردی خەڵکی ناوچەکەیان شەهید کرد.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لیوای 22ی پیادە دوای گواستنەوەیان لە فەرماندەیی هێزەکانی 70وە، ئەمە یەکەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجامیدەن.