وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕەتیدەکاتەوە کە بنکەی تەنەف لە سوریا هێرشی كرابێتە سەر

دیمەشق – نۆرس پرێس

پنتاگۆن ڕەتیکردەوە كە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش كرابێتە سەر بنكەی سەربازی “تەنەف”ی ئەمریكا لە سوریا، ئەمەش دوای ئەوەی هەواڵی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنكەی تەنەف لە سوریا بەڵاوبویەوە.

دوێنێ دووشەممە، ماڵپەڕی عینەب بەلادی لەسەر زاری بەرپرسێکی پنتاگۆن بڵاویکردەوە، كە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، هیچ ڕاپۆرتێکی هەواڵگری بەدەست نەگەیشتووە، ئەو هێرشانە پشتڕاست بكاتەوە، کە دەوترێت بنکەی سەربازی تەنەف كراوەتە ئامانج.

بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و رۆژئاوای كوردستان ڕووبەڕووی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی دەبنەوە، ئەمەریکاش میلیشیا ئێرانییەكان بە ئەنجامدەری ئەم هێرشانە تۆمەتبار دەکات.

داڕشتنەوەی: ماڵین محەممەد