سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازی باڵيۆزى نوێى ئيسپانيا ده‌كات

نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پرسی ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى له‌سه‌ر سه‌قامگيريى ناوچه‌كه ‌له‌گه‌ڵ باڵيۆزى نوێى ئيسپانيا له‌ عێراق تاوتوێ ده‌كات.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ ئه‌ليسيا ڕيكۆ پێرێز دێل پولگار باڵيۆزى نوێى ئيسپانيا له‌ عێراق، وێڕاى پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى، هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ئيسپانيا دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ دێل پولگار خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى نيشان دا و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كار ده‌كه‌ن بۆ فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تايبه‌تيش ئه‌و كه‌رت و بوارانه‌ى بۆ هه‌ردوولا گرنگن.

هه‌ر له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و ئه‌نجامه‌کانی، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر – به‌غدا، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.