دوابەدوای هێرشەكانی تورکیا… هێزەکانی ڕوسیا بەتەنها كاروانی سەربازی لە كۆبانێ پێکدەهێنن

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، پۆلیسی سەربازیی رووسیا بەتەنها كاروانێكی سەربازییان لە شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان پێکدەهێنن.

بڕیار بوو كاروانەكە بە هاوبەشی لەگەل هێزەكانی توركیا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی هێرشی چەندڕۆژی رابردوو هێزەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، وایكرد كە كاروانە توركییەكە لە دەروازەی سنوری گوندی “ئاشمە” کە 20 کم لە ڕۆژئاوای کۆبانێوە دورە نێنە ژورەوە.

ئەو كاروانەی رووسیا كە لە چوار ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکهاتووە، لە گوندی ئاشمەی ڕۆژئاوای کۆبانێەوە بەڕێکەوت، پاشان گەڕانەوە ناوەندی خۆیان لە شارۆچکەی سەرینی باشووری کۆبانێ.

ڕووسیا تا ئێستا هیچ لێدوانێکی سەبارەت بە بەشداری نەکردنی هێزەكانی توركیا لە پێكهێنانی كاروانەكە، و هێرشەكانی سەر رۆژئاوای كوردستانی نەداوە.

دووشەممەی ڕابردوو لە گوندی “غەریب”ی ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ، رووسیا و تورکیا نۆیەمین كاروانی سەربازی هاوبەشیان پێكهێنا.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان