“كەمەرۆك”… گوندێكە لە عەفرین بەردەوام لەلایەن میلیشیاكانی توركیاوە پێشێلكاری تێدا ئەنجامدەدرێت

عەفرین – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە چالاکوانان و سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، گوندی “كەمەرۆك”ی كوردان لە ناحیەی مەعبەتلی گوندەواری عەفرینی داگیركراو، لە رۆژئاوای كوردستان، زیاتر لە هەفتەیەکە ڕووبەڕووی پێشێلکاریی توند دەبێتەوە لەلایەن میلیشیاكانی “هێزی هاوبەش”ی سەپێندراوە، کە پێکهاتووە لە میلیشیای “عەمشات” و “حەمزات”ی سەر بە توركیا، كە لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون، ئەو میلیشیانە دوای پێكدادانیان لەگەل میلیشیای “سقور ئەلشام” كە یەكێك بوو لە میلیشیاكانی توركیا و بە فشاری ئەنقەرە خۆی هەڵوەشاندەوە، لەو گوندە جێگیركران.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، گوندەواری حەلەب و ناوچە داگیركراوەكانی رۆژئاوای كوردستان، پەرەسەندنی سەربازی و شەڕی میلیشیاكانی تێدا رویدا، لەلایەك میلیشیای “هێزی هاوبەش” كە توركیا پشتیوانی دەكات و لەلایەك “بەرەی شامییە” كە پشتیوانی لە “سقوڕ شام” دەكرد، و پێکدادانەکان بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی “سقوڕ شام” کۆتایی هات، و هێزی هاوبەش بە زەبری هێز چونە ” گوندی “كەمەرۆك”.

سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، “هێزی هاوبەش” باجی (50%)ی بەرهەمی زەیتوون بەسەر جوتیارانی كورد ئەو گوندەدا سەپاندووە، ئەمە جگە لەوەی ڕێژەیەکی(7%)ی زەیتی زەیتون کە ڕاستەوخۆ لێیان دەبڕدرێت.

چالاکوانان دەشڵێن، دەست بەسەر هەموو زەیتەكان لەناو كارگەكاندا دەگیرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت دزی لێبكرێت.

چالاکوانان لە تۆرەكۆمەڵایەتییەكان بەڵاویانكردۆتەوە، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، میلیشیای “هێزی هاوبەش” و و میلیشیای “فیرقەی سوڵتان موراد” دانیشتوانی گوندەكە دەترسێنن لە ڕێگەی سووکایەتی و جنێودان و هەڕەشە و تۆقاندن، جگە لە هەڵمەتی پشکنین و دەستبەسەرداگرتنی ماڵەكانیان، و سەركوتكردنیان.

سەرچاوەکان دووپاتیان کردەوە کە سەرپەرشتیاری گوندەکە و بەرپرس لە ئابورییەكەی، “ئەبو فەیاز” كە فەرمانی راستەوخۆ لە “مالیک حوسێن جاسم”، برای “محەممەد جاسم”ی ناسراوە بە “ئەبو عەمشە”، وەردەگریت، جگە لە باجەكانی تر، باجێكی بەسەر دانیشتوان سەپاندووە ئەویش باجی پاڵپشتییەی لە ملیشیاكان كە بڕە پارەكە دەگاتە چارەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا، میلیشیاكانی “عەمشات” بۆ چەند ڕۆژێک گوندی كاخرەی رۆژئاوای كوردستانیان گەمارۆدا دوای ئەوەی دەستدرێژییان کردە سەر ئەو ژنانەی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکدا کردبوو دژی پێشێلکارییەکانی میلیشیاكان.

ڕووداوەکان پەرەیان سەند تا ئەو میلیشیاكان ئینتەرنێتیان لەو گوندەکەدا پچڕاند، و گەمارۆیەکی توندیان خستە سەر دانیشتوان، بۆ ئەوەی هیچ هەواڵێكی ئەو گوندە نەزاندرێت، دواتر دەرکەوت کە میلیشیاكان دەیان کەسیان دەستگیرکردووە، و بەناچاری باجی لێ ساندوون.

داڕشتنەوەی: ماڵین محەممەد