“هەزار هێرش”… بەڕێوبەرایەتی خۆسەر زیانی بۆردومانەكانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ئاشکرا دەکات
رەقە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند، تورکیا زیاتر لە هەزار هێرشی كردۆتە سەر ناوچە جیاجیاكانی رۆژئاوای كوردستان، و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە کۆسپ دەخاتە بەردەم پاراستنی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی داعش، و ژیانی ملیۆنان كەس لە دانیشتوانی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە
.
لە ماوەی چوار ڕۆژی رابردودا، تورکیا دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی رۆژئاوای كوردستانی بۆردومان کرد و زیانی مرۆیی و ماددی لێکەوتەوە.
بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “ئەم دەستدرێژییە، بەبێ هیچ پاساوێک، هەوڵدانە بۆ قووڵتركردنی قەیرانە ئابوورییەکان، بەو پێیەی كە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بەئامانج دەگیرێن، و هەڕەشە لە ژیانی پێنج ملیۆن كەس دەكرێت كە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم دەستدرێژییە مەترسییەکی گەورەیە” بۆ سەر بارودۆخی مرۆیی و خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتی، هەروەها دەرفەت بۆ شانە “تیرۆریستییەکان” دەڕەخسێنێت کە خۆیان بەهێزتر بکەن و خۆیان ڕێکبخەنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەكانیان.
لەبەباننامەكەدا هاتووە، هێرشەکانی تورکیا سەقامگیری ناوچەكە تێکدەدات و هەڕەشە لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکات کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدرێن.
لە بەیاننامەکەیدا داوای لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رووسیا و هەموو دەزگاكانی مافی كرا کە “درک بە کاردانەوەکانی ئەم دەستدرێژییە بکەن، و هەنگاویش بنێن بۆ ڕاگرتنی و دروستكردنی لێژنەیەكی لێکۆڵینەوە بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا 1031 هێرشی ئەنجامداوە، كە لە ئەنجامدا 17 شەهیدی لێكەوتۆتەوە و 65 كەسیش برینداربوونە. كە 118 هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە و 20 هێرشی فڕۆکەی جەنگی و 893 هێرشیش لە رێگای تۆپخانەكانەوە ئەنجامدراوە.
بۆردومانەکەی تورکیا وێستگەکانی کارەبای ناوچەکانی قامشلۆ، كۆبانێ، عامودێ، و ترپە سپی، لەكارخست و بوە هۆی پچڕانی كارەبا لە زیاتر لە 150 هەزار خێزان، ئەمەش جگە لەوەی كە ئەو ناوچانە بێ ئاو دەبن.
دوێنێ شەممە، هاوسەرۆکی دەستەی وزە لە رۆژئاوای كوردستان بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، زیانەکانی کەرتی وزە لە ئەنجامی بۆردومانەكانی تورکیا بە زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمریکی مەزەندە دەکرێت.
لەو چوارچێوەیەشدا، ئەمڕۆ یەکشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” ڕایگەیاند، سەربازانی تورکیا لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا برینداربوون کە لە وەڵامی هێرشەکانی تورکیا ئەنجامدراون، و رایانگەیاند، بنکە سەربازییەكانی تورکیایان لە شارۆچکەی عێن عیسا لە باکووری رەقە، و شارۆچکەی تەل تەمر لە باکووری حەسەکە كردۆتە ئامانج.