تورکیا دەوروبەری زیندانێک بۆردومان دەكات کە ئەندامانی داعشی تێدا زیندانی كراوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، تورکیا دەوروبەری زیندانێكی لە رۆژئاوای كوردستان بۆردومان كرد، كە ئەندامانی داعشی تێدا زیندانی كراوە لە شاری دێرك، لە ئەنجامی بۆردومانەكەش جوار ژن برینداربوون.

بەیانی ئەمڕۆ تورکیا دەستی بە بۆردومانكردنی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان كردەوە، و باکووری شاری قامشلۆ و شاری دیرک و گوندەواری مونبجی كردە ئامانج.

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ناوچەیەكی پیشەسازی لە نزیک زیندانێک بۆردومانكرد کە ئەندامانی داعشی تێدا زیندانی كرابوو لە شاری دێرك.

لە ئەنجامی بۆردومانەكەی تورکیا، چوار ژن کە لە كارگەی شیرەمەنی شاری دێرك كاریان دەكرد برینداربوون.

ئەو ژنە بریندارانە بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانی شارەکە گواستراونەتەوە.

ئامادەکردنی: عەبدولسەلام خۆجە – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش