بەهۆی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر مونبج دوو منداڵ بریندار بوون
حەلەب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ شەممە، دوو منداڵ بەهۆی تۆپبارانی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر گوندی عەوندادات لە باکووری مونبج بریندار بوون.
لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە ناوچەیەکی بەرفراوانی رۆژئاوای كوردستان، كەوتونەتە بەر تۆپباران و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان و فڕۆکە جەنگییەکانی توركیا، كە ئامانجی سەرەكییان دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان و بیرە نەوتییەکانە.
ئەنجوومەنی سەربازیی شاری مونبجی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، کە هێزەکانی تورکیا و میلیشیاكانی، گوندی عەون داداتیان بۆردومانكرد، و لە ئەنجامدا دوو منداڵ برینداربوون .
ئەو دوو منداڵە بریندارە مەحمود شەعبان (پێنج ساڵ) و محەممەد شەعبان (١٥ ساڵ) بوون.
سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا دەروازەی عەون داداتی نێوان ناوچەکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر و میلیشیاكانی توركیای بۆردومانكرد، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکەی زیانەكان بخەنەڕوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، تورکیا دوو شوێنی لە شارەكانی قامشلۆ و دێركی رۆژئاوای كوردستان بۆردومانكرد، كە باکووری شاری قامشلۆی نزیک کۆمپانیایەکی بیناسازی گرتەوە، لەگەل کارگەی “زۆزان”ی شیرەمەنی و پەنیری لە شاری دێركی رۆژئاوای كوردستان.