بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر: ململانێی نێوان تورکیا پەكەكە پرسێکی ناوخۆیی توركیایە و پەیوەندی بە ئێمە نییە
رەقە – نۆرس پرێس
بەرپرسێکی سەربازی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ململانێی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان “پەكەكە” پرسێکی ناوخۆی تورکیایە، و پەیوەندی بە سوریاوە نییە.
لە شەوی چوارشەممەوە هێزەکانی تورکیا، بە فڕۆكە وتۆپخانەكان هێرشێكی توندیان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشكرایە سەر کۆمپانیای دروستكردنی فڕۆکەی بێ فڕۆكەوان تورکیا لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، كە تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارەتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
عیسمەت شێخ حەسەن، هاوسەرۆکی دەستەی بەرگری بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ڕایگەیاند، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، هیچ پەیوەندییەکی بە ململانێی بەردەوامی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستانەوە نییە، كە ئەو ململانێیە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو.
لە هێرشەكانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای كوردستان و گوندەواری باکوری حەلەب، 12 کەس گیانیان لەدەستدا و لانیکەم 23 کەسیش برینداربوون.
حەسەن بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشكرد ” ئەم هێرشانەی توركیا، بە بیانووی هێرشەكەی ئەنقەرەیە”، ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکان ژێرخانە خزمەتگوزارییەكان و هاوڵاتییانی سڤیل و منداڵان و بەساڵاچووان دەكەنە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان بەشێک نین لەو ململانێیە و بیانوی توركیاش بۆ ئەوەیە تا قەیرانە ناوخۆییەکانی خۆی پەردەپۆش بكات.
حەسەن داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی سنوورەکانی كرد لە دێركەوە تا مونبج، جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەن بەرگری لە گەل و ناوچەی رۆژئاوای كوردستان بکەن، راشیگەیاند “مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی تورکیا. ”