بەڕێوبەرایەتی خۆسەر داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکات هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بوەستێنن

رەقە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان، داوای لە هێزە نێودەوڵەتییەکانی نێو خاكی سوریا كرد ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان رابگرن.

توركیا لە دوێنێ چوارشەممەوە، بۆردومانێكی توندی بە فڕۆكە و توپخانەكان كردۆتە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، كە بۆتە هۆی، گیانلەدەستدانی  12 هاوڵاتی سڤیل و برینداربوونی لانیکەم 23 كەس.

ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە خوێندنەوەی بەیاننامەیەک لە رەقە ڕایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا “تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی و ئامانج لێی لێدانی سەقامگیری ناوچەكەیە، و پێشێلکردنی سەروەری سوریایە”.

حیکمەت حەبیب هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلان لە كەرتی جەزیرە ڕایگەیاند، تورکیا بەدەست قەیرانێکی ئابووری و دیموکراسی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، بۆیە دەیەوێت بەم هێرشانەی سەر رۆژئاوای كوردستان  قەیرانەکانەكانی دابپۆشێت.

حەبیب ئاماژەی بەوەشکرد، سورییەکان لە هەموو ناوچەکانەوە باجی دەستوەردانی دەرەكی دەدەن، کە دوورە لە بەرژەوەندی گەلی سوریا.

ئامادەکردنی: زانا ئەلعەلی – داڕشتنەوەی: سەعەد یازجی