184 تووشبوون و گیانلەدەسدان بە کۆلێرا لە دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی تەندروستی ئەنجوومەنی مەدەنی دێرەزوور رایگەیاند، 184 حاڵەتی تووشبوونیان بە کۆلێرا  و سێ حاڵەتی گیانلەدەسدانیان لەنێو بەساڵاچوواندا تۆمارکردووە.

شەممەی ڕابردوو، بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان تۆمارکردنی گیانلەدەسدانی بە نەخۆشی “کۆلێرا” راگەیاند و ئەمەش وەک راگەیاندنی دەستپێکردنی بڵاوبوونەوەی هات.

مریەم ئەلعەوز، هاوسەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور بە نۆرس پرێسی وتووە کە بە هۆی پیسبوونی ئاوەوە حاڵەتەکانی کۆلێرا “بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبوونەتەوە” لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزور.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو 184 حاڵەتەی روویان لە نەخۆشخانەی ئەلکەسرە کردووە، لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوورەوە، دوای ئەنجامدانی شیکارییەکان دەرکەوتووە کە تووشی کۆلێرا بوون و هۆکارەکەشی پیسبوونی ئاوە.

لە ئەنجامی دەستبەسەرداگرتنی ئاو لەلایەن تورکیاوە و بەپێی هەواڵی میدیاکان، دوای ئەوەی ئاستی ئاوی فورات بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزی و رووباری فورات زیاتر بە گۆمێک دەچێت، کە ئاوی خواردنەوەی پیس کردووە، دانیشتوانی ناوچەکەش ئەمەیان بە “کارەساتبار” وەسف کردووە.

ئەلعەوز داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد هاوکاربن لە رێگری کردن لە تەشەنەسەندنی نەخۆشی کۆلێرا، پاڵپشتی لیژنەی تەندروستی بکەن بە دەرمانی پێویست؛ بەتایبەت کلۆر .

دوێنێ دووشەممە، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی لە بەڕێوبەری خۆسەر، لە بەیاننامەیەکدا بۆ کەناڵی مانگی دەستکردی ڕۆژاڤا ڕایگەیاند “زۆربەی تووشبووان چاکبوونەتەوە، دۆخەکەش لەژێر کۆنترۆڵدایە”.

نۆرس پرێس هەوڵیدا پەیوەندی بە دەسەڵاتی تەندروستی لە بەڕێوبەری خۆسەردا بکات؛ بۆ ئەوەی لێدوان لەسەر بابەتەکە بدەن، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک وەرنەگیراوە.