وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ یۆنان : پەند لە رابردوو وەربگرن

هەولێر – نۆرس پرێس

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا داوا لە یۆنان دەکات خۆی لە سەرهەڵدانی کێشە و هەڵکشانی گرژییەکان بەدوور بگرێت و دەشڵێت، “پێویستە یۆنان پەند لە رابردوو وەربگرێت”.

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بە میدیاکانی وڵاتەکەیی راگەیاند، “دەمێکە کێشە لەنێوان تورکیا و یۆنان دووبارە دەبێتەوە، ئێمە هەمیشە هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە بۆئەوەی لە رێگەی گفتوگۆی ئاشتیخوازانە چارەسەری بکەین، کەچی یۆنان بەردەوام دۆخەکە دەشێوێنێت و چەواشەکاری لە هەموو دیوێکی رووداوەکاندا دەکات.”

وەزیری بەرگریی تورکیا راشیدەگەیێنێت، بەردەوام داوای دیدار و کۆبوونەوەیان کردووە و هەمیشە داوایان کردووە پابەندی رێککەوتننامە و لێکتێگەیشتنەکان بن، بەڵام یۆنان بەردەوام پێشێلکاری دەکات و دواتر بیانوو بۆ کارەکانی دەدۆزێتەوە و تورکیا تۆمەتبار دەکات، دەشڵێت، “یۆنان درۆ دەکات و سیاسەتی دووڕوویی پەسند دەکات.”

بە گوتەی ئاکار، هەفتەی رابردوو یۆنان فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیای بە سیستمی ئێس-300 هەراسان کردووە، لە کاتێکدا فڕۆکەکانی تورکیا بە ئەرکێکی ناتۆ ئەرکدار کرابوون. دوو رۆژ بەر لە ئێستاش سنووری پاسەوانی دەریایی یۆنان تەقەی لە کەشتییەکی سڤیل کرد. ماوەیەکە ئەو دوورگانەی کە بەپێی رێککەوتنەکان نابێت هێزی سەربازیی هیچ وڵاتێکی لێ بێت، یۆنان پڕچەکی کردووە و هەمیشە لە کاتی سەردانکردنیان بۆ وڵاتان یان لە کاتی پێشوازیکردنیاندا لە دژی تورکیا لێدوان دەدەن.

خولوسی ئاکار گوتیشی، “پێویستە یۆنان پەند لە مێژوو وەربگرێت و ئاگاداری رەفتار و کردەوەکانی بێت و خۆی لە سەرهەڵدانی کێشە و هەڵکشانی گرژییەکان بەدوور بگرێت.”