“هەسەدە” ئەرکی سەرکردایەتیکردنی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزووری بە کەسایەتییەکی نوێ دەسپێرێت
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور و ئەنجوومەنە سەربازییەکانی دیکەی لە دێرەزوور ڕێکخستەوە.
لە کۆتایی مانگی ئابی ٢٠٢٣دا، لە شاری دێرەزوور دوای ئەوەی ئەحمەد ئەلخەبیل (ئەبو خولە) سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، بەهۆی تێوەگلانی لە پێشێلکاری و تاوان، گرژی و ئاڵۆزی لەو شارەدا رویدا.
بەپێی ماڵپەڕی “هەسەدە” ئەرکی سەرکردایەتیکردنی ئەنجومەنەکە بە عاید تورکی ئەلخەبیل (ئەبو عەلی فولاز) سپێردراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات دراوە.
دوابەدوای لابردنی “ئەبو خولە”، چەندین هێرش لە دێرەزوور كرایە سەر “هەسەدە”، كە ئیبراهیم ئەلهەفل بەناوی هۆزەكان سەرپەرشتی ئەو هێرشانەی دەكرد، هاوکات “هەسەدە” ئاشکرای کرد کە هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و میلیشیاكانی ئێران لە پشت ئاڕاستەکردن ئەو كەسانە بوون.
مانگی شوباتی ڕابردوو، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ڕایگەیاندبوو، ئەو هێزە عەشایەرییانەی لە گوندەواری دێرەزوور، هێرشیان دەكردە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات، پاڵپشتییەکی ئاشکرایان لە “ڕژێمی سوریا و ئێرانییەکان” وەردەگرت.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی دیکەی پێکهاتەکە، “تورکی زاری و فیراس داود” سەرکردایەتی ئەنجومەنی سەربازی ئەلکەسرەیان وەرگرتووە، و “عەبدولكەریم فەندی و ماجد سەنەد ” سەرکردایەتی ئەنجومەنی سوەری سەربازییان وەرگرت، و “ئیبراهیم جاسم عاسی و عزەدین ئەحمەد عەتاڵا” سەرکردایەتی ئەنجومەنی سەربازی هەجیینیان وەرگرت، و “موسا سەلاح و وەزاح موشریف”، سەرکردایەتی ئەنجومەنی سەربازی بەسیرەیان وەرگرت.