نەتەوە یەکگرتووەکان زەنگی مەترسی تەشەنەسەندنی کولێرا لێدەدات لە سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان “نیگەرانی سەخت”ی خۆی دەربڕی؛ لە سەرهەڵدانی پەتای کۆلێرا لە سوریا و داوای کۆنتڕۆڵکردنی دەکات.

عومران رەزا، رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە نیشتەجێی سووریایە، لە بەیاننامەیەکدا کە ماڵپەڕەکە بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنێکی خێرا لەلایەن “دەسەڵاتی تەندروستی و هاوبەشەکانی”ەوە ئەنجامدراوە، پێدەچێت سەرچاوەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە پەیوەندی بە خواردنەوەی ئاوی پیسەوە هەبێت لە رووباری فورات؛ هەروەک بەکارهێنانی ئاوی پیس بۆ ئاودێریکردنی بەرهەمەکان، کە دەبێتە هۆی پیسبوونی خۆراک.

هەردوو حکومەتی سوریا و بەڕێوبەری خۆسەری چەندین حاڵەتی گیانلەدەسدانیان بە کۆلێرا تۆمارکرد.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە وڵاتانی بەخشەر کرد؛ پەلە بکەن لە دابینکردنی بودجەیەکی زیادتر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی، هەروەها “داوای” لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد؛ بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنێکی بێ بەربەست و بەردەوام بە کۆمەڵگا زیانلێکەوتووەکان.

رێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا  کە پەتای کۆلێرا؛ مەترسییەکی جیهانییە بۆ سەر تەندروستی گشتی و نیشاندەری نایەکسانییە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کەمی ئاو؛ “خێزانەکان ناچار دەکات پەنا بۆ میکانیزمی نەرێنی ببەن، وەک گۆڕینی شێوازەکانی پاکوخاوێنی، یان زیادبوونی قەرزی خێزانەکان بە هۆی تێچوونی ئاوەوە.”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبێر