بەڕێوبەرایەتی خۆسەر پێشنیاری ئەڵمانیای كرد كە دەتوانێت پێشوازی لە پەنابەرانی سوریا بكات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، پێشنیاری ئەڵمانیای كرد، کە پێشوازی لە پەنابەرانی سوریا بکات، ئەمەش لە كاتێكدایە كە لێدوانی زۆر دەدرێت بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایتی خۆسەر، “ئامادەی”ی خۆیانی دەربڕی بۆ پێشوازیكردن لە پەنابەرانی سوریا كە لە ئەڵمانیا دەگەڕێنەوە.

ئەحمەد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی “ntv.de” رایگەیاند، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان ئامادەیە پێشوازی لە سورییەکان بکات لە ناوچەکانیدا، جا ئەگەر خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بن یان ناوچەکانی دیکەی سوریا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتادا دەتوانرێت ژمارەیەکی سنووردار وەربگیرین، بەڵام “دەبێت ژێرخانی پێویست و یەکەی نیشتەچێبونی گەورە دروستبکرێت”. ئەمەش دەتوانێت لە ماوەی ساڵێک ئامادەی بكەین”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە “بۆ ئەوەی بتوانن ژمارەیەکی زۆرتری خەڵک وەربگرین، سەرەتا دەبێت ژێرخانی ئابووری دروست بکرێت، و دۆخی ئابووری باشتر بکرێت، و هاوکاری ئاوەدانکردنەوە پێشکەش بکرێت، بۆ ئەوەی ناوچەکە ناوچەكە لە روی ئابوورییەوە بتوانێت پشت بەخۆیەوە ببەستێت.”

ئەڵمانیا کار لەسەر گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا دەكات، ئەو، بەڵام ئەو گۆشەگیرییەی ئەوروپییە کە بەسەر ئەسەددا سەپێنراوە، ڕێگری دەکات لە پەیوەندیکردنی ئەڵمانیا لەگەڵ دیمەشق.

ئێلهام ئەحمەد لە ئێستادا لە گەشتێکی ئەوروپیدایە، و بڕیارە بەشداری لە کۆنفرانسێکی بەرفرەوان بكات، و كۆبونەوە لەگەل کەسایەتییە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان و ئۆرگانەکان بکات.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان