“ئیخوان موسليمين” كوژرانی دوو ئەندام خۆی لەسەر دەستی سوپای ئیسرائیل راگەیاند
دیمەشق – نۆرس پرێس
شەوی هەینی ڕابردوو “ئیخوان موسلیمین” لە ئوردن ڕایانگەیاند، ئەو دوو هێرشبەرەی کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژران دوای ئەوەی لە ئوردنەوە دزەیان كردبوو و تەقەیان لە سەربازەکانی ئیسڕائیل كرد، سەر بە ئیخوان موسلیمینن لە ئوردن.
وتەبێژی ئیخوان موسلیمینی ئوردن، موعاز خەوالیدە ڕایگەیاند، ئەو دوو ئەندامە لە چالاکییەکانی پاڵپشتی غەززە و پشتیوانی لە شەڕكەران بەشدارییان کردووە.
خەوالیدە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، هێرشبەرەکان “حوسام ئەبو غەزالە و عامر قەواس، ئەندامی ئەو گرووپ عەممان” بوون.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “دوو تیرۆریست كوژران دوای ئەوەی لە ئوردنەوە سنووریان بەزاند بۆ ناو خاکی ئیسرائیل لە باشووری دەریای مردوو و تەقەیان لە سەربازەکان کرد”.
پارتی بەرەی کردەوەی ئیسلامی کە “قۆڵی سیاسی ئیخوان موسلیمینە لە ئوردن” پێشوازی لەو کارە کرد کە بە “كردەوەیەكی قارەمانانە” ناوی برد.