هەولێر – نۆرس پرێس
ئینسیاتیڤی زمانی کوردی کە لە کۆمەڵێک رێکخراو و پارت پێکدێت، دوێنێ دووشەممە، لەپێناوی نەهێشتنی گوشار و سنووردارکردنی خوێندن بە زمانی کوردی، کەمپەینێکی راگەیاند.
لە باکووری کوردستان لەڕێگەی هاشتاگی #EmPerwerdehiyaBiKurdîDixwazin لە تویتەرەوە داوای مافی خوێندن بە زمانی کوردی دەکرێت، هەروەها داوا لە حکومەتی تورکیا دەکرێت لە ساڵی تازەی خوێندندا گوشارەکانی سەر زمانی کوردی نەهێڵێت. کوردان لە ئامەد، رووها، چەولیک، جۆلەمێرگ و زۆر شار و شارۆچکەی دیکەدا چالاکییان سازدا و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانییان رێکخست.
رۆژی دووشەممە 12-9-2022 ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد. تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە واژۆی لەسەر پەیماننامەی مافی منداڵان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە بەپێی خاڵێکی پەیماننامەکە ئەو وڵاتە پابەند دەبێت بۆ ئەوەی منداڵان بە زمانی دایکیان بخوێنن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ملیۆنان منداڵی کورد بێبەشن و بۆیان نییە بە زمانی کوردی بخوێنن.
بەهۆی زیادبوونی داواکاری بۆ خوێندن لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی، پلان هەیە ساڵی داهاتوو داواکاری پێشکێش بە دامەزراوەی خوێندنی باڵای تورکیا بکرێت بە مەبەستی زیادکردنی کورسییەکان.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا ملیۆنێک و 148 هەزار مامۆستا هەن، کە تەنیا 79یان مامۆستای زمانی کوردین.
پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە یەکێک لەو پارتە سیاسییانەیە کە بە شێوەیەکی چالاک بەشداریی لە کەمپەینەکەدا کردووە. پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لە هەژماری تایبەتیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پشتگیریی لە کەمپەینەکە کردووە و نووسیویەتی، “زمانی کوردی قەڵای نەتەوەیی کوردانە.”