بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات هاوكاری ئەو کەسانە بکەن کە لە شەڕی لوبنان هەڵاتوون

رەقە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، پشتیوانی لەو کەسانە بکەن کە لە شەڕی لوبنان هەڵدێن.

ژمارەی ئەو کەسانەی لە لوبنانەوە پەنایان بۆ ناوچەکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان بردووە، گەیشتووەتە 19613 کەسی و لە نێویاندا هاوڵاتی لوبنانیش هەن.

یاسر سلێمان، جێگری هاوسەرۆكی ئەنجومەنی دیموکراتی گەلان، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد “دەستی هاوکاری درێژ بکەن بۆ هاوکاریکردن و پاڵپشتی ئاوارەکان”.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژئاوای كوردستان “ كاریگەری شەڕی ناوچەکەی لەسەرە، بەتایبەتی کە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سوری لە لوبنانەوە دەكەڕێنەوە رۆژئاوای كوردستان”.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشكرد، كە گەمارۆ بەسەر ئەو ناوچەیەدا سەپێنراوە، و تواناکان سنوردارن تەنانەت لە رێگای رێكخراوە ناحكومییەكانیش ناتوانن هاوكاری پێویستی ئاوارەكان بكەن.

ئامادەکردنی: زانا ئەلعەلی – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسم