عەفرین – نۆرس پرێس
بە پشتیوانی قەتەر و هەماهەنگی تورکیا، ئۆردوگایەکی نوێی نیشتەجێبوون، لەسەر خاكی هاوڵاتییانی كورد بۆ عەرەبە هاوردەكان دروست دەكرێت، لە ناوچەی جەبەل ئەحلامی ناحییەی شاران، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان.
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٠ەوە زیاتر لە ١٥ ڕێکخراوی ناوخۆیی سوریا، بە هەماهەنگی تورکیا و پاڵپشتی فەلەستینی، کوەیتی، قەتەر و مالیزیا، دەستیان کردووە بە دروستکردنی دەیان ئۆردوگای نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی شارە عەرەب نشینەكانی سوریا بۆ ئەوەی لە ناوچە داگیركراوەكانی رۆژئاوای كوردستان نیشتەجێیان بكەن.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی خۆجێیی شاری عەفرین، كە ئێستا تورکیا بە رێوەیدەبات بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگە ئۆردوگایەکی نوێی لە جەبەل ئەحلام لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری عەفرینی داگیركراو تەواوبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئۆردوگایە لە نزیکەی 100 شوقەی نیشتەجێبوون پێکدێت، کە بە پاڵپشتی قەتەر و بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی “ئافاد”ی تورکیا دروستکراوە، و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستكراوە بە دابەشکردنیان بەسەر خەڵكی گوندەواری حەلەب و دیمەشق.
ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەو ئۆردوگایەکی نوێیە 15هەمینە له ناوچەی جەبەل ئەحلام كە توركیا سەرپەرشتی دەكات.