ئاهەنگی دەڕچوونی قوتابییانی زانکۆی رۆژئاڤا لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، زانکۆی رۆژئاڤا لە قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان، بەبۆنەی دەرچوونی خولی چوارەمی خوێندکارەکانی، ئاهەنگێكی لە پاركی ئازادی لە ڕۆژئاوای شارەكە رێكخست.

 زینە عەلی، هاوسەرۆکی زانکۆی ڕۆژاڤا لە بە نۆرس پرێسی ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ خولی چوارەمی خوێندکارانمان لە زانکۆکە دەرچوون، كە ژمارەیان ٤٣٥ خوێندکارە و لە ١٣ بەش پێكهاتوون”.

عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خوێندكارانە دەرچووی چەند کۆلێژ و پەیمانگایەکن، لەوانە: کۆلێژی زانستە سروشتییەکان، کۆلێژی یاسا، پەروەردە، ئەندازیاری کشتوکاڵی، ئەندازیاری نەوت، پزیشکی، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەشەکانی ئاداب و زمان، پەیمانگای شارستانی، پەیمانگای باڵای ڕاگەیاندن و پەیمانگای کارگێڕی و دارایی.”

بێریڤان قاسم، دەرچووی پەیمانگای باڵای راگەیاندن دەڵێت، “دوای سێ ساڵ خوێندن لە پەیمانگا، ئەمڕۆ شانازی بەو شتانە دەکەین کە بەدەستمان هێناوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەدرێژایی ماوەی خوێندن، ڕووبەڕووی چەندین سەختی بووینەوە هیچ شتێک بە ئاسانی بەدەست نایێت.”

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: سەعد الیەزیجی