“مەسەدە” پێشوازی لە بڕیارەکەی ئیدارەی ئەمریکا دەکات بۆ نوێکردنەوەی باری نائاسایی لە سوریا
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات پێشوازی لە بڕیارەکەی ئیدارەی ئەمریکا کرد بۆ نوێکردنەوەی باری نائاسایی لە سوریا و جەختی لەسەر پێویستی درێژەدان بە بوونی ئەمریکا لە رۆژئاوای كوردستان و باکوری سوریا كردەوە، تا دەستپێکردنی چارەسەری سیاسی لەو وڵاتەدا.
ئیدارەی ئەمریکا باری نائاسایی نیشتمانیی کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لەكاتی هێرشەكانی تورکیا بۆ سەر شارەکانی سەرێ كانیێ و گرێ سپی ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی هەینی بۆ ساڵێکی دیکە درێژیکردەوە.
لەیلا قارەمان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، بڕیاری درێژکردنەوەکە پەیوەستە بە چالاكبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کە لەم دواییانەدا چالاکییەکانی زیاتر کردووە، بەهۆی دەستوەردانی دەرەكی لە ناوچەكە.
لەیلا قارەمان بۆ نۆرس پرێس راشیگەیاند، لە ئێستادا چارەسەری سیاسی بەهۆی پێشهاتە ناوچەییەکان و شەڕی ئیسڕائیل لە غەززە و باشووری لوبنان، نزیك نیە، ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکەی ئەمریکا بەردەوامبوونە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكە.
هاوسەرۆکی “مەسەدە” ئاماژەی بەوەدا کە “ڕژێمی سوریا” سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکان ئامادە نییە بۆ چارەسەر، و راشیگەیاند “مەسەدە” لەگەڵ چارەسەری سیاسییە بەگوێرەی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی بڕیارنامەی ٢٢٥٤.